بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی: هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌مواری ده‌ستوور زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌

(ڕۆژی ١٠/١١/٢٠١٩ – ١٣ی رەبیع الاول ١٤٤١ کۆچی) ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی بە سەرپەرشتی به‌ڕێز مامۆستا عیرفان علی عبدالعزیز، رابەری گشتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان، لە شاری سلێمانی کۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێداو گفتوگۆ و شرۆڤەی سیاسیی نەخشەو پلانی ئۆرگانەکانی نێوخۆیی حزب و رووداو و پێشھاتە سیاسیی و گۆڕانکاریە خێراکانی ئەم دواییەی کوردستان و عێراقی كرد.
شوڕای بزووتنه‌وه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند خاڵێكی په‌سند كرد كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ كارو چالاكییه‌كانی داهاتووی بزوتنه‌وه‌و ئه‌و بارودۆخه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق هاتۆته‌ ئاراوه‌ به‌تایبه‌ت پرسی هه‌مواری ده‌ستووری عێراق، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی خاڵه‌كانه‌:


١- ئەنجومەنی شورا بە کۆی دەنگ دوپاتی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو نەخشە ڕێگایەی لە دەرئەنجامی کۆنفرانس نەخشەی بۆ كێشرابوو کە خۆی لە ٢٢ خاڵی جەوھەری دا دەبینێتەوە بۆ چاکسازی بەردەوام و ڕیشەیی لە ھەموو جومگە بنەڕەتیەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی.

٢- ئەنجومەنی شورا ھەڵوەستەی جددی کرد لەسەر بارودۆخی ناھەمواری عێراق و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە تێدا سەدان قوربانی لێکەوتەوە لە خەڵکی سڤیل، بزوتنەوەی ئیسلامی پێی وایە داواکاری خۆپیشاندەران ڕەوایەو لە ئەنجامی نادادپەروەری و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغداد ئەو ناڕەزایەتیانە دروستبووەو پێویستە ڕێز لە خواست و داواکاری خەڵک بگیرێت و چاکسازی ڕیشەیی بکرێت.

٣- ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی پێی وایە ھەوڵەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور زەنگیکی مەترسیدارە لەسەر داھاتووی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان، ئەمەش پێویستی بە ھەنگاوی ھاوبەش ھەیە، بە یەکخستنی ھەڵوێست و تەبایی نێوخۆی لە نێوان گشت ھێزو لایەنە سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان بە پێی پۆلێن کردن و پەراوێزخستنی ئەم ھێزو ئەو ھێزی سیاسیی.

٤- ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی لە بەشێکی کۆبونەوەکەیدا گفتوگۆی چرۆ پری کرد لەسەر دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و ژیان و گوزەرانی ناھەمواری ھاوڵاتیانی کوردستان سەقامگیری سیاسیی و ئابووری کومەڵایەتی ناوچەکەمان لە ئەستۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە بەشداربووه‌کانیەتی.

٥- لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی بە پێویست زانرا بایەخ و گرنگی بدرێت بە بۆنە ئایینی و ئیسلامیەکان و بکرێنە وێستگەیەک بۆ بانگەواز و گەیاندنی پەیامە بەرزەکانی ئیسلام بە ھاوڵاتیان و سەرجەم چین و تویژەکان.

٦- لە تەوەرەیەکی دیکەدا ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی پرس و بابەتی پەروەردە و پێگەیاندنی ئەندام و کادیرانی لە سنووری ھەموو مەکتەب و ئۆرگانەکان وەک پایەیەکی سەرەکی خستەڕوو لە نەخشەو کارنامەی مەکتەبی ڕیکخستن و مەکتەبەکان.

ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان
١٠/١١/٢٠١٩

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *